نەوا-
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق دەڵێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، بەندەرەكانی عێراق داهاتیان خەیاڵی دەبێت.
د. فەرحان فەرتووسی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق سەر بە وەزارەتی گواستنەوە لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، داهاتی بەندەرەكان بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوەیە، بە جۆرێك لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەكو 31ـی ئایار، قەبارەی داهاتی بەندەرەكان زیاتر بووە لە 630 ملیار دینار.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەناو بەندەرەكاندا، بەندەری ئوم قەسری باكوور و بەندەری نەوتی بەسرە پشكی شێریان لە بەدەستهێنانی داهات بەردەكەوێت.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عێراق باسی لەوەشكرد، داهاتی بەندەرەكانی عێراق لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 144 ملیار دینار زیادی كردووە.
لەبارەی كارەكانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان ئاماژەی بەوە كرد، كارەكانی قۆناخی بنەڕەتی و دەستپێكی پڕۆژەكە لە فاو بە رێژەی 92٪ تەواوبوونە،هەروەها، گرنگترین قۆناخی دەستپێكی پڕۆژەكە تەواوكراوە، كە بە تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، بەندەرەكانی عێراق داهاتێكی خەیاڵیان دەبێت.