نەوا-
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، دەست بەسەر نزیكەی شەش تۆن پەتاتەی خراپبوو و زیاتر لە یەك تۆن خۆراكی تێكچوو گیراوە.
قائیمقامییەتی سلێمانی لە راگەیندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی سەردان و پشكنینی لیژنە هاوبەشەكان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و هەموو ئەو كۆگایانەی كاڵاوشمەكییان تێدا عەمبار دەكرێت، دەست بەسەر پێنج تۆن و 700 كیلۆگرام پەتاتە و زیاتر لە تۆنێك خواردەمەنی دیكەی جۆراوجۆردا گرتووە، كە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نەبوون، بەڵام خاوەنەكانیان بەنیازبوون بە هاووڵاتیانی بفرۆشن.
باسی لەوەشكردوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر 35 كارتۆن جگەرەی خراپبوودا گرتووە، بۆ لە ناوبردنیشی رەوانەی قائیمقامیەتی كردووە.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاشكراشیكرد، سەرەڕای لەناوبردنی سەرجەمیان لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون، ئەو شوێنانەی پەتاتە و جگەرە خراپبووەكە تێیدا دەستی بەسەردا گیراوە، رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.
لەلایەكی دیكەوە قائیمقامییەتی سلێمانی سوپاسی چەند كۆمپانیا و دوكاندارێكی كردووە، كە لیژنەكانیان لە هەبوونی زیاتر لە پێنج تۆن شیرەمەنی و 200 كیلۆگرام خواردەمەنی جۆراوجۆر ئاگادار كردووەتەوە، بۆ لەناوبردنیان.