نەوا-
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین دەڵێت، بۆ خوێندنی ساڵی 2025 - 2026 كورسیی خۆڕایی بۆ خوێندكارانی وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی تەرخان دەكرێن.
سامان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی زانكۆ، ئەنجوومەنی زانكۆ 425 كورسی خوێندن لە زانكۆی سەلاحەدین بۆ قوتابییانی وڵاتانی دەرەوە تەرخان دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا، كارەكە بۆ ئاشنابوونی قوتابییانی دەرەوەیە بە هەرێمی كوردستان، هەروەها بە كولتوور و زمانی كوردی هاوكات بۆ بەرەپێشبردنی زانكۆكەیانە لە ریزبەندییە جیهانییەكاندا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆكە باسی لەوەشكرد، لێكتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكاندا هەیە، پێشتریش قوتابیانی نێودەوڵەتی لە زانكۆكەیان هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەكەیان زۆر زیاتر كردووە.