مەرجەعی باڵای شیعەكان داوایەك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات

11 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
مەرجەعی باڵای شیعەكان، داوای لە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد، كە ڕێگە نەدەن كارەساتە مرۆییە گەورەكەی كەرتی غەززە كە ئیسرائیل سەركردایەتی دەكات، بەردەوام بێت.
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە بەیاننامەیەكدا كە لە نووسینگەكەی لە نەجەفەوە دەرچووە، ڕایگەیاندوە: دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كوشتن و وێرانكاریی بەردەوام و سەدان هەزار شەهید و بریندار و ڕووخاندنی تەواوی شار و كۆمەڵگە نیشتەجێبوونەكان، لەم ڕۆژانەدا گەلی ستەملێكراوی فەلەستین لە كەرتی غەززە بەدەست بارودۆخێكی زۆر سەختەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی بەهۆی كەمیی ماددە خۆراكییەكانەوە، كە بووەتە هۆی برسێتییەكی بەربڵاو كە تەنانەت منداڵان و نەخۆش و بەساڵاچووانیشی گرتۆتەوە.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر لە هێزەكانی داگیركەر چاوەڕوانی هیچ شتێك نەكرێت جگە لە ئەنجامدانی ئەم دڕندەییە سامناكە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانیاندا بۆ دەركردنی فەلەستینییەكان لە نیشتمانی خۆیان، ئەوا لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چاوەڕوان دەكرێت كە ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەم كارەساتە مرۆییە گەورەیە نەدەن و هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ كۆتایی پێهێنانی و هەموو توانایەكی خۆیان بەكاربهێنن بۆ ناچاركردنی "قەوارەی داگیركەر و پشتیوانەكانی" تا ڕێگە بدەن ماددە خۆراكییەكان و سەرجەم پێداویستییەكانی ژیان لە زووترین كاتدا بگاتە هاوڵاتییانی غەزە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group