نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندی یاوەری كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لەو كۆبونەوەیەدا سودانی هەوڵەكانی عیراقی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و پتەوكردنی هاوبەشیی لەبوارە جیاوازەكاندا دوپاتكردەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی عیراق و ئێران بكات.
هەروەها سودانی هەڵوێستی عێراقی دوپاتكردەوە لە رەتكردنەوەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەمو ئەوانەشی كە دەبنە هۆی پەرەسەندنی ململانێكان لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، هەروەك پشتیوانی عیراقیشی بۆ دانوستان لەنێوان ئەمریكاو ئێران دوپاتكردەوە.
پاشان بەئامادەبونی سەرۆك وەزیرانی عیراق یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و لاریجانی سەبارەت بەهەماهەنگی ئەمنی لەسەر سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات واژۆكرا.
لەلایەن خۆشیەوە لاریجانی سڵاوی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێرانی گەیاندە سەرۆك وەزیرانی عیراق و جەختی لە پابەندبونی حكومەتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدان و بەردەوامكردنی پەیوەندییەكان لەبوارە جیاجیاكاندا بەتایبەتی پەیوەندیی هێڵی ئاسنینی نێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی زیارەتكاران و بەستنەوەی بەڕێگای گەشەپێدان و رێڕەوە گەورەكانی ناوچەكە.