ئه‌مریكا: ئێمه‌ له‌ عیراق بڕۆین وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیش ده‌ڕۆن و داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

15/01/2020 جیهان

نه‌وا
جۆوی هود جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "رۆیشتنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق لەكۆتاییدا دەبێتەهۆی رۆیشتنی وەبەرهێنەرەكان و گەڕانەوەی چەكدارانی داعش".
سەبارەت بەبڕیاری پەرلەمانی عیراق بۆ كۆتاییهێنان بەئەركی هێزە بیانیەكان وەك هەوڵێك بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دوای هێرشەكانی لە عیراقدا، جۆوی هود لەوتارێكدا لە پەیمانگای لێكۆڵینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن وتی: ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بڕۆن ئەوا هێزی هاوپەیمانانیش دەڕۆن، لەكۆتاییشدا وەبەرهێنەران دەڕۆن و رێكخراوی داعشیش دەگەڕێتەوە.
باسی لەوەشكردوە، لە هەموو قۆناغەكانی ئەو زنجیرە روداوانەدا ئاسەواری خراپ دروستدەبێت، بۆ نمونە دروستبونی كێشە لە سیستمی بانكیدا، هەروەها هاوبەشە ستراتیژەكان كاتێك هەستدەكەن، كە كێشە لە پەیوەندیەكانیاندا دروستبوە دادەنشین و گفتوگۆ دەكەن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ دەرچون لێی.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رونیشیكردوەتەوە، دەیانەوێت دانیشین و قسە لەسەر بژاردەیەكی دیكە بكەین، كە باشتربێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group