ئەردۆغان: وەڵامی سوریامان داوەتەوە و 30-35 سەربازمان لێكوشتون

03/02/2020 جیهان

نەوا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا وەڵامدانەوەی هێرشەكانی سوپای سوریای لە ئیدلب راگەیاند و دەڵێت "30 بۆ 35 سەربازی سوریامان كوشتوە".
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی توركیا ئاشكرایكرد، بەهۆی بۆردومانی سوپای سوریاوە بۆسەر چەند پێگەیەكی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای ئیدلب، 4 سەربازی توركی كوژران و 9ی دیكەش برینداربون، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرەوە و پێش سەردانیكردنی بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەو هێرشەی سوپای سوریا بێوەڵام نابێت و بەرپەرچی هەر هێرشێك دەدەنەوە بكرێتە سەر هێزەكانیان.
هەروەك ئاشكرایكرد، هێرشیان كردۆتەوەسەر 46 پێگەی سوپای سوریا و 30-35 سەربازی سوریایان كوشتوە، جگە لە بۆردومانكردن بە موشەك و هاوەن، فڕۆكەی ئێف 16-شیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان بەكارهێناوە.
سەرۆك كۆماری توركیا سوربونی وڵاتەكەشی لەسەر بەردەوامیی كردە سەربازییەكانیان لە سوریادا دوپاتكردەوە، بەڵام پەیامی بە روسیا دا و وتی "ئێوە ئەو لایەنە نین كە وەڵامی دەدەینەوە، بەڵكو وەڵامەكانمان بۆ رژێمی سوریایە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group