نه‌وا
رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌تى به‌رگری "پێنتاگۆن" فه‌رمانى به سوپا كردوه، كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان له عیراقدا زیادبكات و ئیداره‌ى كۆشكى سپى-یش به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بون، به‌ره‌یه‌كیان هانى ئه‌وه ده‌دات هێرشى فراوان بكرێته‌سه‌ر ئێران و گروپه‌كانى سه‌ر به‌و وڵاته، به‌ره‌كه‌ی تریان نیگه‌رانن له‌و هه‌نگاوه.
نیویۆرك تایمز بڵاویكردوه‌ته‌وه، پێنتاگۆن فه‌رمانى به سه‌ركرده‌كانى سوپا كردوه، پلانى زیادكردنى گرژیه‌كان له عیراق دابڕێژن و ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌ڵمه‌تێك دژى گروپه چه‌كداریه‌كان ده‌بێت، كه هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر سه‌ربازانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه جه‌نه‌راڵ جۆن وایت فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عیراق له یاداشتنامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، پرۆسه‌كه پێویستى به هه‌زاران سه‌ربازى ئه‌مریكیى دیكه و گۆڕینى ئه‌ركه‌كان هه‌یه، كه ئێستا ته‌نها راهێنانه.
به‌پێى زانیاریه‌كانى رۆژنامه‌كه، دوو به‌رپرسی باڵا، كه ئه‌وانیش مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه و رۆبه‌رت ئۆبراین راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یین، هه‌وڵى ئه‌وه ده‌ده‌ن ئیداره‌ى ئه‌مریكا به‌ره‌و هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران و گروپه‌كانى سه‌ر به‌و وڵاته له عیراقدا ببه‌ن و ئه‌و دۆخه بقۆزنه‌وه، كه له‌ئێستادا ئێران سه‌رقاڵى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆرۆنایه.
به‌پێى زانیاریه‌كانى نیویۆرك تایمز، چه‌ندین به‌رپرسى دیكه‌ی وه‌ك مارك ئیسپه‌ر وه‌زیرى به‌رگرى و مارك میلى فه‌رمانده‌ی پرۆسه هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مریكا، نیگه‌رانیى خۆیان پیشانداوه له به‌رزكردنه‌وه‌ى گرژیه سه‌ربازیه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زیرى به‌رگرى رێگه‌ى داوه به پلاندانان بۆ هه‌ڵمه‌تێكى نوێى ئه‌مریكى دژبه گروپه سه‌ربازیه‌كانى سه‌ربه ئێران له عیراقدا، تائێستاش دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بڕیارى نه‌داوه هه‌ڵمه‌تى فراوان دژى ئێران و گروپه‌كانى سه‌ر به‌و وڵاته ئه‌نجامبدات، به‌ڵام له كۆبونه‌وه‌یه‌كى كۆشكى سپى-دا گوێبیستى سه‌رجه‌م پلانه‌كان بوه.