حەشدی شەعبی بەرەو لەتبوونی زیاتر دەڕوات

02/05/2020 عێراق

نەوا
دوای كشانەوەی لیواكانی سەر بە مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە حەشدی شەعبی، چەند گروپ و لیوایەكی دیكە دەیانەوێت لە پێكهاتەی حەشد بچنە دەرەوە و هەوڵەكانی هادی عامری لەوبارەیەوە شكستی هێناوە، هۆكاری سەرەكیی ناكۆكییەكانیش جیاوازیی نێوان ئاراستەی كاركردنی ئێران و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانە.
كەناڵی حوڕە-ی نزیك لە ئەمریكا راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی حەشدی شەعبی بڵاوكردوەتەوە و ئاشكرایكردووە، دوای كشانەوەی 4 لیوای سەر بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان و چوونە دەرەوەیان لە پێكهاتەی حەشدی شەعبی و چوونە نێو هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت، لە ئێستادا 24 لیوای دیكە دەیانەوێت لە حەشد جیاببنەوە.
هەروەها هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، كە بەهێزترین سەركردەی ناو حەشدی شەعبییە، زۆر هەوڵی داوە لیواكانی سەر بە مەرجەعیەتی باڵا بگەڕێنێتەوە نێو پێكهاتەی حەشد، بەڵام شكستی هێناوە.
راپۆرتەكەی كەناڵە نزیكەكەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، ناكۆكی راگەیەندراوی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی لەسەر پڕچەككردن و بڵاوكردنەوە و موچە بووە، كە گروپەكانی سەر بە ئێران كۆنترۆڵی ئەو بوارانەیان كردووە، بەڵام ناكۆكییە راستەقینەكە جیاوازیی نێوان ئاراستەی كاركردنی "ویلایەتی فەقیه"ی ئێران و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان بووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group