تائێستا كۆرۆنا ژیانی لە 55 رۆژنامەنوس سەندوە

02/05/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی "پرێس ئیمبڵیم كامپەین" ئاشكرایكردوە، تائێستا 55 رۆژنامەنوس لە 23 دەوڵەتی جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە، بەڵام دیارنییە ئایا هەمویان لەكاتی روماڵكردن توشی ڤایرۆسەكە بون یاخود نا.
رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆژنامەنوسان لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتەكانیان لەسەر قەیرانی تەندروستیی جیهانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و زۆریان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا.
رونیشكراوەتەوە، ئەوان روبەڕوی مەترسییەكی گەورە دەبنەوە لەم كاتی قەیرانی پەتای كۆرۆنایەدا، چونكە پێویستە بەردەوام بن لە كارەكانیان و زانیاری كۆبكەنەوە لە رێگەی چونە نەخۆشخانەكان و چاوپێكەوتن لەگەڵا پزیشك و نەخۆش و بەرپرسانی سیاسی و زانایان و پەرستاران.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، رۆژنامەنوسانی ئیكوادۆر زەرەرمەندترینن و تائێستا 9 كەسیان بەهۆی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە، دوای ئەویش ئەمریكا دێت بە 8 رۆژنامەنوس و بەڕازیل 4 و هەریەكە لە ئیسپانیا و بەریتانیا 3 رۆژنامەنوس.
تەئكیدیشكراوەتەوە، سەرەڕای ئەوە رۆژنامەنوسان روبەڕوی سەپاندنی چاودێری و بڕینی ئینتەرنێت و دەستگیركردن و هێرشی جەستەیی و زارەكی و سەركوتكردنی ئازادیەكان بونەتەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا.
هەروەك رێكخراوەكە پێیوایە بارودۆخەكە جێی نیگەرانییە، چونكە لەئێستادا لە هەموو كات گرنگترە بگەیتە زانیاری دروست و گرنگ و شەفافیەت دەتوانێت ببێتە رزگاركردنی ژیانی خەڵك لەم قەیرانی تەندروستییەدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group