نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی بۆ وەبەرهێنان لەكەرتی وزە واژۆی كردون، بەپێی دەستوری عیراق پوچەڵن.
وەزارەتی نەوتی عیراق لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، هەندێك لەپێگە هەواڵییەكان لەسەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویانكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكی نوێی وزەی كردوە بەبڕێك كە بەهاكەی دەگاتە دەیان ملیار دۆلار، ئەو رێوشوێنە تایبەتانەی بۆ واژۆكردنی گرێبەستەكە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گیراونەتەبەر بۆ وەبەرهێنان لەهەردو كێڵگەی میران و تۆپخانەی گردمیر لەپارێزگای سلێمانی، رەتكراوەن.
وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەشیكردوە، سەرەڕای ئەوەی عیراق پێویستی بە پەرەسەندنی وەبەرهێنانی غازە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی هەیە تا وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای پێی كارپێبكات، بەڵام رێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێچەوانەیەكی رونی یاسای عیراقییە چونكە سامانی نەوت موڵكی سەرجەم گەلی عیراقە، پێویستە وەبەرهێنانی ئەو سامانە لە رێگەی حكومەتی فیدراڵەوە بێت، بۆیە تەئكید دەكەنەوە بەپشتبەستن بە دەستوری عیراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەو گرێبەستەی كراوە پوچەڵە.