وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: ئەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانەی كراون هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو دو ڕێككەوتننامەیەی كە وەزارەتەكەیان لەگەڵ هەردو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros كردویەتی، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا ڕونیكردەوە، حكومەتی هەرێم لە كاتێكدا جەخت لە هەمو ماف و دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی دەكاتەوە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق كە بە ڕونی ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستانی دەستنیشانكردوە، لە هەمانكاتدا دوپاتی دەكەینەوە كە ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی وەزارەتەكەیان لەگەڵ هەردو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros كردویەتی، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییاندا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە".
باسی لەوەشكرد، تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان و هەردو كۆمپانیا ئەمەریكییەكەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكرد، ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەمو ناوچەكانی عێراق.
ئەمە لە كاتێكدایە، هەر دوێنێ وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، ئەو  گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی بۆ وەبەرهێنان لەكەرتی وزە واژۆی كردون، بەپێی دەستوری عیراق پوچەڵن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group