مەسعود بارزانی: بە داخەوە هێشتا هەندێك كەس بە عەقلیەتی شۆڤینی سیاسەت دەكەن

22 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەیادی 42 ساڵەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان دەڵێت: ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بوو، عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بوو كە بۆ هەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان، ڕایگەیاند، لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە لە لایەن حكومەتەكانی عێراق دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت، 42 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی پێشوی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشوری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژیكردن.
باسی لەوەشكرد، ئەو تاوانە بەشێك بو لەو تاوانانەی كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاوڵاتیانی كورد.
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بو عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بو كە بۆ هەمو عێراق بوە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن، بە داخەوە هێشتا هەندێك كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن، دەبێ هەموو لایەك بزانن هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group