نەوا-
فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئامڕازی شەڕو یارمەتی و چاودێرین لە زۆر بواردا سود دەبەخشن و جیهانیش ناچار دەكەن بیر لەكۆنترۆڵكردنی ئاسمانەكان بكەنەوە.
ماڵپەڕی زە بزنس ستاندارد بڵاویكردۆتەوە، لەجیهانێكدا كە تادێت بە خێرایی داتاو وردبینی پێناسە دەكرێت، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان وەك ئامرازی جەنگ رەتكروەن و بەسەر كۆمەڵێك لە كەرتە مەدەنییە بەرفراوانەكاندا فڕیون و شۆڕش لە هەمو كەرتێكدا دەكات.
برێت ڤێلیكۆڤیچ پسپۆڕی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە چاوپێكەوتنێكدا بە كەناڵی سی بی ئێسی وتوە: فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بونەتە چاوێك لە ئاسماندا بۆ هەمو شتێك لە رزگاركردنەوە تا سیخوڕیی، ئەوەی جیای دەكاتەوە تەنها تواناكانی نییە بەڵكو توانای گونجاندنەكەیەتی، تەكنەلۆژیایەكە كە لەكاتی بونی پەتادا بە هەمان شێوەی ناوچەی جەنگ كاردەكات.
باسی لەوەشكردوە، زۆرجار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە وەڵامدانەوەی كارەسات و حاڵەتە فریاگوزارییە پزیشكییەكان و لە دوای كارەساتە سروشتییەكان وەك وەڵامدەرەوەی یەكەم بەكاردەهێنرێت، ئەوان خێران و پێویستیان بەهیچ كاروانێكی سوتەمەنی نییە دەتوانن بچنە ئەو ناوچانەی كە مرۆڤ ناتوانێت پێیان بگات، لەسەردەمی پەتای كۆرۆنادا رۆڵێكی جیاوازیان هەبو لەسەلامەتی گشتی و پاكوخاوێنی، لە رواندا ڤاكسین و نمونەی خوێنیان گەیاندە كلینیكەكانی گوندەكان.
ئەوەش خراوەتەڕو، كشتوكاڵ كەرتێكی دیكەیە كە شۆڕشێكی بێدەنگی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەخۆیەوە دەبینێت، جوتیاران بەكاریدەهێنن بۆ چاودێریكردنی تەندروستی بەرهەمەكان و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەكانی ئاودێری، بونەتە ئامرازی رۆژنامەگەری و هونەر و زانست و تەنانەت كات بەسەربردن، هەروەها پێشبڕكێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی FPV ئێستا پیشەسازییەكی ملیار دۆلارییە.