نەوا-
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، دۆخی عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە و مانگی داهاتوو روبەڕوبونەوەكان لە ناوچەكە سەرهەڵدەدەنەوە.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ كەناڵی السومریەی عێراقی ڕایگەیاند، ئەو درۆنانەی كە هێرشیان كردە سەر هەرێم، لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستە كراون، لە دەشتی نەینەوا و لە ناوچەی ڕەشادی كەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەش.
باسی لەوەشكرد، ئەو گروپانە، بارەگاكانیان لە تەنیشت بارەگاكانی سوپای عێراقە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەوەی دەیكەن، یاریی كردنە بە ئاگر لە دۆخێكی ئاڵۆز و هەستیار كە ناوچەكە داپۆشراوە بە ئاگر، ڕوبەڕوبونەوەكان كۆتاییان نەهاتوە، نیشانەكانی تەقینەوەی بارودۆخەكە لەهەر كاتێكدا هەیە.
هۆشیار زێباری لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتەكەی سودانی، بەشێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمدا كردوە، بەتایبەت كە ئێمە ئەو لایەنەین كە زۆرترین پشتیوانیمان لێكردوە، جارێكی دیكە چەكی سپی نادەینەوە دەست، چونكە ئەوە پرسێكی قورسە، بەڵێنی خولی دوەمی سەرۆكایەتی پێنادەینەوە.
سەبارەت بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنیش لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هۆشیار زێباری دەڵێت، من فەتاح فاڵ نیم، بەڵام دەبینین كە لێكەوتەكانی شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران كۆتایی نەهاتوە و ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكەدا رودەدات، بەرەو ئەو خوێندەوەیەمان دەبات كە مانگی (ئەیلول)ـی داهاتو روبەڕوبونەوەكان جارێكی دیكە سەرهەڵدەدەنەوە، رەنگە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراقیش هەبێت.