نەوا-
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت: ئیرادەیەكی باش هەیە بۆئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن و هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكدا وتویەتی، شاندێكی حكومەتی عیراق كە لە وەزارەتەكانی نەوت، دارایی، تەكنیكی و سیاسی پێكهاتوە دەستیان بە گفتوگۆ كردوە چاوەڕێ دەكرێت لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی راپۆرتێك ئامادەبكەن.
باسی لەوەشكردوە، هەردو شاندی هەرێم و بەغدا لە یەك نزیكبونەتەوە ئەو كێشانەی هەبون زەحمەت نین چارەسەر بكرێن، چونكە ئێستا 110 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەكار دێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت 280 هەزار بەرمیل بۆ 300 هەزار بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە بكات كە هەموی دەكاتە 400 هەزار بەرمیل.
ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عیراق زیاتر رونیكردوەتەوە كە ئەگەر رێككەوتن بكرێت كێشەی موچە چارەسەر دەبێت و مانگانە موچە رەوانە دەكرێت، ئەمجارەش ئیرادەیەكی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو كێشەیە بێت.