"هەر كەسێك كارەبای نایاسایی رابكێشێت 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەكرێت"

19 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رێنمایی نوێی بۆ بەرەنگاربونەوەی سەرپێچیكردن لەتۆڕی كارەبا بڵاوكردەوە.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاندوە، رێنماییەكەیان بۆ بەرنگاربونەوەو رێگریكردنە لەسەرپێچیكردن لەسەر تۆڕی كارەبا بەشێوەیەكی نایاسایی و لەو ناوچانە دەخرێتەكار كە كارەبای بەردەوامی پڕۆژەی روناكیان هەیە، هەروەها ئەم رێنماییانە داڕێژراون بۆ رێگریكردن لە راكێشانی كارەباو دەستكاریكردنی پێوەری كارەبا بەشێوەیەكی نایاسایی و بۆ دابینكردنی كارەبایە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو سەلامەت بۆ هاوڵاتیان.
بەپێی رێنماییەكان هەر كەسێك كارەبای نایاسایی رابكێشێت ئەوا دوچاری رێكاری یاسایی دەبێتەوە تا 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەكرێت و بڕی پارەی كارەبای بەكارهێنراو لەماوەی راكێشانی كارەبا بەشێوەیەكی نایاسایی لەسەر هەژمار دەكرێت، هەروەها بەدواداچونی یاسایی بۆ دەكرێت و هێڵی كارەبای دەپچڕێت.
وەزارەتی كارەبا جەختیشی كردوەتەوە لە گرنگی دابینكردنی كارەبای بەردەوام بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەشێوەیەكی رێك پسوڵەی كارەبای مانگانەیان دەدەن، هەروەها هانی هاوڵاتیانیش دەدەن بۆئەوەی تیمەكانی وەزارەت ئاگاداربكەنەوە لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك لە تۆڕی كارەبا لەڕێگەی پەیوەندیكردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی روناكییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group