كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەكان بەردەوامن

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاندوە، لیژنەیەكی تایبەتمەند لێكۆڵینەوەی لە هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردوەو بەردەوامیش دەبن تا لێكۆڵینەوە لە سەرجەم شوێنەكان دەكەن.
عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە هێرشی درۆنی سەر هەرێمی كوردستان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوەو بەردەوامیش دەبن تاوەكو دەگەنە ئەنجام، هەروەها سەردانی هەمو ئەو شوێنانە دەكەن كە هێرشیان كراوەتە سەر، چونكە ئەو لیژنەیە تایبەتمەندە بە لێكۆڵینەوە لەكەوتنەخوارەوەی درۆنەكان و ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج.
وتوشیەتی، كارەكانی لیژنەكە بە هەماهەنگی بوە لەگەڵ لیژنەیەكی تایبەتمەندی هەرێم و دوای تەواوبونی راپۆرتی خۆیان پێشكەشی لیژنەی باڵا دەكەن كە بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجییە.
عەبدولخالق تەلعەت باسی لەوەشكردوە، ئەو لێكۆڵینەوەیە هەركات تەواو بو  ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن و لیژنەی باڵاش بڕیار لەسەر راپۆرتی لیژنەكە دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group