بەرگریی شارستانی: مانگی رابردو یەك هەزارو 417 روداوی جوراوجۆر تۆمار كراون

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تەنها مانگی رابردو یەك هەزارو 417 روداوی جوراوجۆر تۆمار كراون.
سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەرێم لەلێدوانێكدا رایگەیاندوە، تەنها مانگی رابردو یەك هەزارو 417 روداو تۆمار كراون كە هەزارو 329 یان روداویان كەوتنەوەی ئاگر بون، هەروەها مانگی رابردو 10 هاووڵاتی بەهۆی ئاوەوە خنكاون، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئەمڕۆ 41 هاوڵاتی خنكاون كە ژمارەیەكی زۆرە لەخنكان، بەڵام بەگشتی بەراورد بەساڵی رابردو 20%ی روداوەكان كەمیانكردوە.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم وتوشیەتی، روداوەكانی خنكان پێویستیان بەهۆشیاریی هاوڵاتیان هەیە، چونكە مەرج نییە ئەوەی لەناو شارو مەلەوانگە فێری مەلەوانی بو لە روبارەكان بتوانێت مەلەوانی بكات.
سەركەوت كاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، روداوەكانی وەرزی هاوین زیاتر روداوی سوتانی پوش و پاوان و خنكانن، چونكە هاوڵاتیان بۆ مەبەستی گەشت و مەلەوانی دەچنە دەرەوەی شارەكان و لەوێش بەهۆی پاشماوەكانیان ئاگر دروست دەبێت، یان لەشوێنی ترسناك مەلەوانی دەكەن و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن لەمەترسی روداوەكانی ئاگركەوتنەوەو شوێنی مەلەوانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group